كوردستانهەواڵ

لەمساڵدا 49 پێشێلکاری بەرامبەر 36 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن ئەنجامدراوە

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان، ئاماری پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەمساڵدا ٤٩ پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنووس و دەزگاکانی راگەیاندن ئەنجامدراوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا نوێنەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان رایگەیاند،  ئاماری پێشێلکارییەکان لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەراورد بە چوار مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو بەڕێژەی ٥٠٪ دابەزیوە.

ئاشکراشیکرد، لە ١ی١ی٢٠٢١ەوە تاوەکو ٣٠ی٤ی٢٠٢١، ٤٩ پێشێلکاری بەرامبەر بە ٣٦ رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن لە هەرێم ئەنجامدراوە.

روونیشیکردەوە، لەو ژمارەیە، ٢٣ حاڵەت رێگری لە رووماڵکردن بووە، ١٥ حاڵەت هێرش و هەڕەشە و سوکایەتی، ٦ حاڵەت زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و پێنج حاڵەتیش دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووس بەبێ بڕیاری دادگا بووە.

راشیگەیاند، ئەو پێشێلکاریانە دەخەنە بەردەم رای گشتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوهیوایەی کە لە داهاتوودا ئەو پێشێلکاریانە لە هەرێم کۆتاییان پێبێت و رێز لە رۆژنامەنووس و رای جیاواز بگیرێت.

نوێنەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان داواشی لە دادگای تەمیز کرد، بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی هەولێر بۆ سزادانی پێنج چالاکوان  و رۆژنامەنووسەکەی بادینان هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادیان بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەک سەنتەری میترۆ دژی هەموو جۆرە جیاکارییەکن لە کەناڵەکانی راگەیاندن و دەخوازن زانیاری بۆ هەمووان دەستبەر بکرێت و رێگە بە هەموو میدیاکان بدرێت بەبێ بەربەست رۆماڵی ئەو رووداوانە بکەن کە بۆ هاوڵاتیان گرنگن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close