عێراقهەواڵ

سبه‌ی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ هەڵبژاردنی گشتی عێراق دادەخرێت

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی پاڵێوراوانی بڵاوکردەوە و تاوەکو یەکی ئایاریش کات لەبەردەم ئەو کەسانە ماوە کە دەیانەوێت خۆیان بپاڵێون بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

جمانە غەلای گووتەبێژی فەرمی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی پاڵێوراوان تا کۆتایی رۆژی چوارشەممەی رابردوو بۆ 1116 پاڵێوراو بەرزبووەوە لە کاتێکدا لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو تەنها 847 پاڵێوراو ناوی خۆیان تۆمارکردبوو.

گووتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان گووتیشی: لە یەکی ئایار دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سەرجەم داتاکان دەخرێنەڕوو.

لەلایەکی دیکەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لیژنەیەکی بۆ بانگهێشتکردنی نوێنەرانی وڵاتانی بیانی پێکهێناوە بەمەبەستی چاودێریکردنی هەڵبژاردنی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بڕیاریشە بانگهێشت نامە بۆ 75 وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی بنێردرێت.

بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی عێراق بەڕێووەبچێت، بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەو هەڵبژاردنە 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 هاووڵاتی مافی دەنگدانی دەبێت، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا نزیکەی 16 ملیۆن هاووڵاتی تۆماری بایۆمەتری نوێكردووه‌ته‌وه‌ و 14 ملیۆن و 316 هەزار هاووڵاتیش کارتی دەنگدانی وەرگرتووەتەوە. 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close