كوردستانهەواڵ

هۆشدارى له‌ كه‌مبوونى ئاوى بەنداوەکانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان ده‌درێت

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی هۆشدارى له‌ كه‌مبوونى ئاوى بەنداوەکانی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان ده‌دات و دەڵێت: بەنداوی دوکان (۱٤) مەتر و بەنداوی دەربندیخانش (۱۸) مەتر له‌ ئاستى پڕبوونى دابه‌زیوه.‌

خالد سلیم ئەحمد بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، “بە پێی ئەو برە ئاوەی کە ئێستا هەیە لە بەنداوەکانی کوردستان، بەنداوی دوکان (۱٤) مەتر لە ئاستی پڕبوونی خۆی دابەزیوە  و بەنداوی دەربندیخانش (۱۸) مەتر، لە کاتێکدا هەموومان لە بیرمانە ساڵی ۲٠۱۹ هەردوو بەنداوی ناوبراو لەم وەرزەدا تەواو پڕ بووبوون و ژمارەیەکی زۆری تۆرباینەکانی ویستگەکانمان ئیش پێدەکرد و ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە لوتکەدا بوون، تەنها بەهۆی کەمبارانی ئەمساڵ ئاستی ئاو لە هەردوو بەنداودا زۆر کەمەو  لە هەر ویستگەیەکیش تەنها (۱) یەک تۆرباین کاری پێدەکرێت و ئاستی ئاو دادەبەزێت” .

دەشڵێت: دەزانین سەرچاوەی ئاو بۆ خواردنەوە و پێداویستییەکانی شاری سلێمانی بەنداوی دوکانە و ناوچەکانی گەرمیانیش بەنداوی دەربندیخانە، لە ئێستادا بەهۆی گۆرینی رێرەوی ئەو سەرچاوانەی ئاو کە دەهاتنە ناو هەردوو بەنداوەکە،  رێژەی هاتنی ئاو کەمیکردووە و ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاوی هەردوو بەنداوەکە و کەمبارانی ئەمساڵ تەواو نزیکی کردینەوە لە مەترسی کەمی ئاو

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر ساڵی داهاتوو، رێژەی باران بارین هاوشێوەی ئەمساڵ بێت، ئەوە ئەو گرفتەیە کە  من داوام کردووە گرنگی پێبدرێت و حکومەت و لایەنەکان بیکەنە دیالۆگ و گەڕان بەشوێن چارەسەردا، ئەگەر گرنگی پێنەدرێت هەمووان گرفتار دەبین و ئاومان نابێت بۆ ژیانمان، پێویستیشه‌، وه‌ك ئه‌گه‌رێك له‌به‌رچاوبگرێت و له‌ئێستاوه‌ پلانى بۆ دابنرێت .

بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای سلێمانی داوا  لە حکومەت و وەزارەتەکان و پارێزگاری سلێمانی دەکات، گرنگی بەو بابەتە بدەن و پلانی ساڵی داهاتوو لەئێستاوە دابنێن لەسەر هەمان رێژەی باران بارینی ئەمساڵ وەکو خۆئامادەکردن و چارەسەر دۆزینەوە بۆ ساڵی داهاتوو .

هەروەک داواش لە وەزارەتى کارەبا دەکات، لە رێگەی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە بەکارهێنان و ئیشپێکردنی یەکەکانی (تۆرباینەکانی) هەردوو ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان و دەربندیخان لە ستراتیجی بەرهەمهێنانی کارەباوە بگۆڕن بە ستراتیجی گلدانەوەی ئاو، واتە کاتی ئیشپێکردنی یەکەکان بگونجێنن لەگەڵ پێداویستی ئاوی شاری سلێمانی و دەوروبەری و ناوچەی گەرمیان.  

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close