عێراقهەواڵ

مستەفا کازمى: قەبارەى یەدەگى دراو لەبانکى ناوەندى عێراق بۆ زیاتر لە (60) ملیار دۆلار بەرزبوەتەوە

سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاشکراى دەکات قەبارەى یەدەگى بانکى ناوەندى عێراق بەرزبوەتەوە، جەختیش لەبەردەوامى هەنگاوەکانى حکومەتەکەى بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و دژایەتیکردنى گەندەڵى دەکاتەوە.

مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى لە وتەیەکدا لەمیانى کردنەوەى پرۆژەى (FCC) بۆ بەرزکردنەوەى تواناى بەرهەمهێنانى بەنزین لە کۆمپانیاى پاڵاوگەى باشورى عێراق لە بەسرە رایگەیاند، قەبارەى یەدەگى دراوى بیانى لە بانکى ناوەندى عێراق بۆ زیاتر لە (60) ملیار دۆلار بەرزبوەتەوە، لەکاتێکدا پێش ئەوەى ئەم کابینەیەى حکومەت دەست بە ئەنجامدانى چاکسازى بکات قەبارەى یەدەگى دراوى بیانى (51.9) ملیار دۆلار بووە.

راشیگەیاندوە، زیادکردنى قەبارەى یەدەگى دراوى بیانى لە بانکى ناوەندى عێراق دەرئەنجامى ئەو رێوشوێنانەیە کە حکومەت بۆ ئەنجامدانى چاکسازى گرتویەتیەبەر.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاندوە، سەرکەتووبوین لە راگرتنى ئەو گەندەڵى و بەهەدەردانەى لەخستنەرووى دراودا لە بانکى ناوەندى هەبووە وە بەردەوامبیش دەبین لە ئەنجامدانى رێوشوێنەکانمان.

مستەفا کازمى، ئاماژەى بۆ ئەوەشکردوە کە هەنگاوەکانى حکومەتى عێراق بۆ دژایەتى کردنى گەندەڵى بەردەوامە، سەرەراى ئەوەى هەندێک لایەن دەیانەوێت ئاستەنگى بۆ دروست بکەن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close