كوردستانهەواڵ

20 بڕیار لە ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێرەوە

دوای كۆبوونەوەیان درەنگانی شەوی رابردوو ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر 20 بڕیاری بۆ جێبەجێكردنی رێكار و رێنماییەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوكردەوە.

دەقی راگەیەندراوی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر:..

به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و تەئکید لەوەکرایەوە کە تەواوی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) ڕۆژانە لەدانانی مەفرەزە لە شوێنەکان بۆ چاودێریکردنی هاوڵاتییان و وەرگرتنی ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوکەس و لایەنانەی ڕەچاووی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) نابن لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن و لە فەرمانگە و دام و دەزگا حکومیەکانیش، بۆ چاودێریکردنی فەرمانبەرانی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لێژنە نهێنیەکان درێژە بە ئەرکەکانی خۆیان دەدەن.                                           

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی ڕاگەینراوی کۆبوونەوەی 2021.3.28 خۆی و کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا، پابەندی تەواوی سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە(12)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و ڕێکار و میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردن و دابەشکردنی ئەرکەکان  دەگرێتەبەر، بەمشێوەیەی لای خوارەوە:-

یەكەم: سەبارەت بە قوتابخانە و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە:

1- دەوامکردن لە قۆناغی (1)ی بنەرەتی تا (12)ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی وەزارەتی پەروەردە، حکومی و ناحکومی رادەگیرێت تا 2021.4.10 بۆ وانە خوێندن، ئەو قۆناغانە و پەیمانگاکان تەنها کە تاقیکردنەوەیان مابێت ئەنجامی دەدەن، بە رێنمایی تەندروستیەوە.

2- قۆناغی (12)ی ئامادەیی لە حکومی – ناحکومی بەردەوام دەبن لە وانە خوێندن و تاقیکردنەوەکانیان بە رێنمایی تەندروستیەوە.

دووەم: سەبارەت بە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:

1- ئەو زانكۆیانەی كە لە تاقیكردنەوەدان، پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانیان بەردەوام دەبێت بەپێی رێنمایی تەندروستیەوە.

2- سەرجەم پرۆگرامی خوێندن كە ماوە بە شێوازی ئۆنلاین بەردەوام دەبن.

3- وانە پراکتیکیەکان لەناو کەمپەسی زانکۆکاندا، بەرێکاری تەندروستییەوە بەردەوام دەبن.

سێیەم: كۆبوونەوە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە مزگەوت و كلێسا و پەرستگاكان و تەواوی ناوەندە ئایینیەكان بریاری پێویست دەربكات.

چوارەم: ڕاگرتنی ئاهەنگ و بۆنەی كومەڵایەتی و ئایینی و هەر بۆنەیەكی تر.

پێنجەم: بەردەوام بوونی قەدەغەكردنی چوونە سەرقەبران و دانانى پرسە لە مزگەوت و لە ماڵان و هەڵدانى خێمە لە كۆڵان و باخچەكان بەردەوام دەبێت و بنكەی پۆلیس و موختاری گەرەك بەرپرسیارن، و هەر كەسێك پابەند نەبێت بە بڕی (2،000,000) دوو ملیون دینار پێبژاردن پێ دەدرێت.

شەشەم: هۆڵى سينەماكان لە گشت مۆڵ و بازاڕەكان دادەخرێن بە بەردەوامی لە تەواوی شار و شارۆچكەكان لە هەرێم.

حەوتەم: داخستنی تەواوی هۆڵەكانی وەرزشييەكان و لەشجوانی و مەلەوانگەكان و هۆڵى بۆنە و ئاهەنگەكان.

هەشتەم: قەدەغەكردنی پێشكەش كردنی خزمەت گوزاری نێرگەلەكێشان لە تەواوی كافی و رێستورانت و یانەكان و گشت ئەو شوێنانە لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی دادەخرێن و هەر كەسێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی (1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (5,000,000) پێنج ملیون دینار پێبژاردنی پێ دەدرێت.

نۆیەم: ئەو شوێنانەی بڕگەی (7)ی سەرەوە پێویستە لە كاتی رێگەپێدراو لە (6)ی بەیانی تا (9)ی شەو خزمەتگوزارییەكانیان لە دەرەوە و باخچەكانیان پێشكەش بكەن و پێویستە مەودای نێوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و  ئەوانەی باخچەیان نیە و خزمەت گوزارییەكانیان لە شوێنی داخراو پێشكەش دەكەن پێویستە بە هەمان شێوە مەودای نیوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و تەواوی دەرگا و پەنجەرەكان كراوه بێت و سیستەمی كێشانی هەوا كار بكات بە پێچەوانەوە سزاكانی بڕگەی (7)ى سەرەوە بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

دەیەم: داخستنی بازار و مۆلەكان و شوێنە گشتیەكان لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی و هەر شوێنێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی(1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (4,000,000)چوار ملیون دینار پێبژاردنیان پێ دەدرێت.

یانزدەیەم: هەموو شوێنە گشتیەكان وەكو (ماركێت، ریستورانت و شوێنە بازرگانیەكان،…هتد) نابێت رێگە بدەن بە چوونەژوورەوەی هاوڵاتییان بۆ شوێنەكانیان بە بێ بەستنی ماسك ، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت بۆ ماوەی (10)رۆژ و

خاوەنەكەی بڕی(1,000,000)یەك ملیون دینار پێبژاردن دەدات.

دوانزدەیەم: هەر كەسێك ڕەچاوی بەستنی ماسك نەكات بە پێی رێكارەكانی ئەم بەیانە بە

بری (20,000)بیست هەزار دینار پێبژاردن دەدات.

سیانزدەیەم: شوفێری ئوتومبیلەكان بە هەموو جورەكانیەوە (تایبەت ، بارهەڵگر ، كرێ) لە كاتی هەبوونی سەرنشین لە گەلیاندا پێویستە شوفێر و سەرنشین پابەندبن بە بەستنی ماسك، بە پێچەوانەوە بەبڕی (20,000) بيست هەزار دینار بۆ هەر سەرنشينێك شوفێر وەك پێبژاردن دەدات.

چواردەیەم: دەوامی فەرمانگەكانی  حكومی لە رۆژانی یەكشەممە  تا  چوارشەممە  بەردەوام دەبێت  و لە رۆژانی  پێنج  شەممە دەوام ڕادەگیرێت.

پانزدەیەم:  بەهێزكردن  و  بەردەوامی  دان  بە  هەڵمەتی  هوشیاری  تەندروستی  بە  تایبەتی  لە  كەناڵەكانی  ڕاگەیاندن  بە  هەموو جورەكانیەوە بە پێی یاسای رێكخستنی ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ی ساڵی 2019 و بەشداربوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دەزگای حكومی و كەرتی تایبەت و گشت چین و توێژەكان بە تایبەتی بەرپرسانی حكومی و حزبى و كەسایەتی كومەڵایەتی لە هەڵمەتی پابەندبوون بە رێكارە تەندروستیەكان.

شانزدەیەم: راگرتنی هاتووچۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق لە رۆژانی پێنج شەممە و هەينى و شەممە، جگە  لە  ئاژانس  و  رێكخراوەكانی (UN)  و  رێكخراوە  نێودەوڵەتیەكان  و  هاوپەیمانان  و  دیپلۆماتكاران  و  شاندە  فەرمییەكان  و هاتووچۆی بازرگانی و ئەو هاوڵاتیانەی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن كە پێویستە لە بازگەكان لە كاتی هاتنیان تێستی كۆرۆنا ئەنجام بدەن.

حەڤدەیەم:  پێویستە  دامەزراوەكانی  كەرتی  تایبەت  فەرمانبەر  و  كرێكارەكانیان  پابەند  بكەن  بە  بەستنی  ماسك  و  جێبەجێ كردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی لەو دامەزراوەيە ، بە پێچەوانەوە بەبڕی (150,000) سەد و پەنجا هەزار دینار بۆ هەر حالەتێك پێبژاردن بەو دامەزراوە دەكرێت.

هەژدەیەم: فەرمانگە حكومییەكان بەردەوام دەبن بە جێبەجێ كردنی رێكارەكانی خۆپارێزی و لەلایەن وەزیری پەیوەندیدار چاودێری جێبەجێكردنی ئەو رێكارانە دەكرێت بە پێی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020 ماددەی حەفتەم ، و دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان رێكاری یاسایی بەرامبەر بەرێوەبەر و فەرمانبەرە كەمتەرخەمەكان وەربگرن.

نۆزدەیەم:  پێویستە  ژووری  ئۆپەراسیونەكان  لە  پارێزگا  و  ئیدارە  سەربەخۆكان  و  گشت  یەكە  كارگێریەكانی  تر  ئەم  بەیانە جێبەجێ بكەن و بەرپرسیارەتی جێبەجێ نەكردنی ئەم بەیانە دەكەوێتە ئەستۆیان.

بيستەم: ئەم بەیانە لە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 2021.3.31 كاتژمێر (9)ی شەو جێبەجێ دەكرێت و تا 2021.4.10 بەردەوام دەبێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close