بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیهەواڵ

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی داواكاریه‌ك ئاراسته‌ی هاوپه‌یمانی هیوا ده‌كات

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان/ سەرۆک وئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

السلام علیکم

بە دڵێکی پڕ غەم و لە یاد نەچووم، دوو ڕۆژی ماوە بۆ یادکردنەوەی مەرگەساتەکەی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە کە لە ۱٦ی ۳ی ۱۹٨٨ لەلایەن دەسەڵاتی رژێمی بەعس بە فەرمانی صەدام و دارودەستەکەی کیمیا بارانکران.

تکاو داوام ئەوەیە وەک هاوڵاتیەکی ئەم شارە لە هەر تاکێکی کوردستانی ئەو کارەساتە لە بیرمەکەن، یەکێک لە تایبەت مەندییەکان بۆ ئەو میللەتە ستەمدیدەیە کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی بدەن بە تایبەتی فراکسیۆنی هاوپەیمانی هیوا بۆ هیوا بەخشین بەم خەڵکە ستەمدیدەیە چۆن هەموو ڕۆژێک دەربارەی مووچەی هاوڵاتیانی کوردستان لێدوان دەدەن و ئەتانەوێت مافی هەموو مووچە خۆران جێبەجێ بکرێت ۱ لەسەر ٥ی ئەم تێکۆشانەشتان بکەن بە کردار بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق و داوا بکەن بخرێتە دەنگدانەوە لە هەر روویەکی یاساییەوە کە دەگونجێت بۆتان.

پەرلەمانی کوردستان پێش ۲۰۰۳ ئەو بڕیارەی دەرچواندووەو لەبەغداش لەسەر ئەوە رەزامەند بوون کە بڕیارێک لە پەرلەمانی کوردستان درابێت پێش ۲۰۰۳ هەڵناوەشێتەوە ئەمە بە نووسین بووە یان نا نازانم بەڵام ئەمەم بیستووە.

زۆرجار بەرپرسان شاندی حکومی و حزبییەکانی هەرێم دەڵێن و ئەیڵێنەوە کە کێشەی ئێمەو بەغدا تەنها مووچە نییە دەبا ئەم پرسی پارێزگای هەڵەبجە یەکێک بێت لە خاڵە سەرەکییەکان لە کارنامەی دانوستانی نێوانتان هەرچەندە ئەم کارەو ئەم داوایە لەسەر هەموو عێراقییەکە کە بێتە گۆ دەربارەی ئەو کارەساتە جەرگ بڕە، چونکە ناوچەیەکە لە عێراق و هاوڵاتیانی عێراقین.

بۆ یادخستنەوەتان:
۱- تاکو ئێستا حکومەتی عێراقی داوای لێبووردنی لە خەڵکی ناوچەکە نەکردووە کە ئەرکێکی نیشتمانیە لەسەری و جێبەجێی نەکردووە.

۲- قەرەبووی مادی و مەعنەوی هاوڵاتیانی نەکردووەتەوە بە پارێزگا ناساندنی هەڵەبجە دەبێتە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی رووە مەعنەوییەکەی هەروەک دەزانن فاتیکان کراوە بە دەوڵەت کە خەڵکێکی کەم و رووبەری جوگرافیاکەشی کەمە، بەڵام روویەکی مەعنەوی پێدراوە، ئەوە پاپا هات بۆ عێراق و کوردستان چی بۆ نەکرا؟
دەی فەرموون عێراقیەکان ئەمڕۆ مێژوویەک تۆمار بکەن بۆ بە دەمەوە هاتنی ستەمدیدەکان لە جیاتی جەورو وستەم و تاوان، هیواو ئاوات ببەخشنەوە بە هاوڵاتیان.

هاوپەیمانی هیوا هاوپەیمانییەکەتان تازەیەو خۆتان هەردەم لێدوان دەدەن کە ئێمە بۆ خەڵکی کودستان خزمەتکارین، واشدەردەکەوێت لەگەڵ پەرلەمانتارە عێراقیەکان لێکتێگەیشتنی باشتان هەیەو بەسەر فرسەتدا مەڕۆن و ئەم هەنگاوە بنێین بە کردار کردنی پارێزگای هەڵەبجە تاقیبکەنەوە بزانن لە گەڵتان هاوکار دەبن.

لە گەڵ ئەوەشدا ئەوانیش وەک ئێوە هەمان حەقیان لەسەرە کە ببنە هۆکارێک بۆ هیوا بەخشین بە خەڵکی ئەو ناوچەیەو هەموو عێراقیەکان، گەر ئەو هەما هەنگیە بکرێت عێراقیەکان هەست دەکەن کە کار بەدەست و بەرپرسانی وڵات بە دەم هاوڵاتیانەوە دەچن درەنگ بێت یا زوو.

با لە جیاتی ئەوەی هەموو ساڵێک لە رۆژی ۱٦/ ۳ ئەو بەڵێنانە دراوە، کەچی زۆر کەمی جێبەجێ کراوە، ئەمجارە ئێوەی بەڕێز ئەم تاکە بەڵێنە هەوڵی جدی بۆ بدەن بۆ ئەنجام گەیاندنی، ئیتر ئێوەو خزمەتی بێ بەرانبەرتان.

جێگای ستەمدیدەکان هەر بەهەشتی بەرینە

کامیل حاجی علی
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close