بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیهەواڵ

ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی كۆبویه‌وه‌و ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
ئەنجومەنى شوراى بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان، لە ڕۆژى 10/3/2021 بەرامبەر 26/رەجەبى ساڵى 1442 کۆچى کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنى شوراى بزووتنەوەى ئیسلامى بڕیارى پێویست و هەڵوەستەى کرد لەسەر ئەم تەوەرو بابەتە گرنگانەى خوارەوە
تایبەت بە دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و ڕەوشى پرسە ئیدارى و سیاسییەکانى نێوخۆیی بزووتنەوەى ئیسلامى :
1- بزووتنەوەى ئیسلامى وەک لایەنێکى سەرەکى ڕاپەرینە جەماوەریەکەى خەڵکى کوردستان لە دژى ڕژێمى گۆڕ بە گۆرى بەعس بەدەیان شەهیدیشی داوە بەئامانجى رزگارى و ئازادى نەتەوەکەی لە بەهارى ساڵى 1991، بەڵام بەداخەوە دەسەڵات بەهۆى ناعەدالەتى و زوڵم وستەم و بێ باکى ئامانجەکانى ڕاپەرینیان ڵێڵ و وێرانکردووەو نەوەى نوێ و کۆمەڵگەى کوردستانیان نا ئومێدکردووە، هاوکات گیانی نەتەوەییان لە دڵ و دەروونى خەڵکى کوردستاندا کاڵکردوەتەوە، بزووتنەوەکەمان بێ بەشترین حزبە لە هەموو داهات و دەستەکەوتەکانى ئەو ڕاپەرینەو تا ئێستاش ئەو بینایانەى کە بەخوێنى شەهیدەکانمان گرتوومانە حزبەکانى دەسەڵات لێیان زەوتکردوین بێ ئەوەى خوێن و خەباتى شەهیدەکانمان لەبەر چاوبگیرێت، لەکاتێکدا زۆربەى هەرە زۆرى بارەگاکانمان لە کرێچی دان.
2- ئەنجوومەنى شوراى بزووتنەوە دەستخۆشى و پێزانینى هەیە بۆ گشت مەڵبەندو ئۆرگانەکان لەسەر کاروچالاکى و جوڵەى جەماوەرى و پەروەردەیی و خۆراگریان سەرەراى هەبوونى ئاستەنگ و گرفتەکان، دڵنیایی دەدەینە ئەندامان و کادیرانى خۆمان کە ماندو نەناسیى و دڵسۆزى و لە خۆبوردوویمان دەبێتە مایەى گەشەى بەرچاو و گوڕوتینى خەباتى ئیسلامى بزووتنەوەکەمان لە داهاتوودا.
3- ئەنجوومەنى شورا پابەندى خۆى دووپات دەکاتەوە بەپڕەنسیپ و مەبادیئە ئیسلامیەکانى خۆى کە لەو پێناوە داو بەو ئامانجەش بزووتنەوە دامەزراوەو شانازى دەکەین بە دروشم و رابردوو و مێژووى پڕ سەروەرى بزاڤى ئیسلامى کوردستان و خەباتى ئیسلامخوازانەى خۆمان.
4- دواى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و زیاد بوونى داهاتى هەرێمى کرودستان و نزیکبوونەوەى ڕێکەوتنى هەولێرو بەغدا لەسەر بودجەو کێشەى شاییستە دارایەکانى هەرێمى کوردستان هیچ پاساوێک نەماوەتەوە بۆ کۆتایى نەهێنان بە لێبڕینى مووچەى فەرمانبەران و قەرەبوو کردنەوەیان لە مووچەى پاشەکەوتکراوى بە زۆرە ملێى فەرمانبەران و گشت موچەخۆران.
5- ئەنجوومەنى شوراى بزووتنەوە دڵگرانى و نیگەرانى خۆى دەردەبڕێت لەوەى کە خانەوادەى سەربەرزى شەهیدەکانى تا ئێستاش بێ بەشکراون لە پێدانى زەوى و هەموو ئەو مافە یاساییانەى کە مافى خۆیانە، بەڵام بەداخەوە جیاکارى و جیاوازى لە نێوان شەهیدەکانى حزبەکانى دەسەڵات و بزووتنەەى ئیسلامى ناهەقی و ستەمێکى گەورەیە لە خوێنى شەهیدانى باسک و خانەوادەکانیان، بزووتنەوەى ئیسلامى هەموو ڕێکارە یاسایى و مەدەنیەکان دەگرێتەبەر لە پێناو کۆتایى هێنان بەو ستەمە گەورەیە لە خانەوادەى سەربەرزى شەهیدەکانمان.
6- لە بەشێکى ترى کۆبونەوەوەکەدا ئەنجوومەنى شورا بەتێرو تەسەلى و چڕوپڕى پرسى بەشدارى و ئامادەکارییەکان و پێکهێنانى هاوپەیمانیەتى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەکانى عێراق هەڵوەستەى لەسەر کراو ڕێوشوێنى گونجاو لەو بارەیەوە وەرگیراو داوا دەکات لە هەموو ئەندام و لایەنگرانى بزووتنەوەى ئیسلامى لە زووترین کاتدا بۆ مسۆگەرکردنى مافى دەنگدان و ناوى خۆیان و خانەوادەکانیان تۆمار بکەن و کارتى بایۆمەترى وەربگرنەوە.
7-ئەنجوومەنى شوراى بزووتنەوە داوا دەکات لە هەموو لایەنە سیاسیەکان هاوهەلوێستبن و ڕێزەکانیان یەکبخەن بۆ پاراستنى مافە نەتەوەییەکانى ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، چونکە ئەگەر ڕیزەکانمان یەک نەخەین زیانێکى گەورە بەر گەلى کوردستان دەکەوێت.
ئەنجوومەنى شوراى بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان/ هەولێر

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close