كوردستانهەواڵ

بەغدا بەشێك لە پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان خەرج دەكات

دوای كێشەیەكی زۆری خەرج نەكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، دواجار  زیاتر لە 46%ی شایستەی دارایی ساڵانی رابردووی جوتیاران  لەلایەن بەغداوە خەرجكرا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیش لە ھەوڵدایە ئەو رێژەیە بەشێوەیەكی یەكسان دابەش بكەنە سەر جوتیاران بۆ ئەوەی مافی ھیچ كه‌س بەفیڕۆ نەچێت.

بیانووەكانی بەغدا بۆ خەرجنەكردنی پارەی گەنمی جوتیاران لە ساڵانی رابردوو، تاوەكوو ئێستاش بە بەردەوامی لەژێر ھەڕەشەی بڕیارە سیاسییەكانی بەغدا بووە.

سەروەر كەمال، بریكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی كوردستان تایبەت بە كوردستان24 سەبارەت بە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ خەرجنەكردنی پارەی گەنمی جوتیاران ئاماژەیداوە، زیاتر لە 46%ـی پارەی جوتیاران گەیشتووە و ھەوڵدەدەن بە شێوەیەكی یەكسان دابەشی بكەن.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە چەند جارێك لەسەر ئاستی باڵا، ھەم لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ھەمیش وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بۆ كۆتاییھێنان بە چارەسەركردنی كێشەی خەرجنەكردنی پارەی گەنمی جوتیاران، سەردانی بەغدایان كردووە.

 راشیگەیاند، بڕی ئەو پارەیە دیاریدەكات كە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو بگاتە بانكەكانی كوردستان.

حكومەتی عێراق بڕی 340 ھەزار تۆن گەنمی دیاریكرد  بۆ ئەوەی لە ساڵی 2020دا لە جوتیارانی كوردستانى وەرگرێت، ئەم بڕەش بەراورد بە بەرھەمی گەنمی جوتیاران یەكسانە بە یەك لەسەر سێ، بۆیە جوتیاران بە ناچاری بەرھەمەكانیان لە بازاڕی رەشدا بە نرخێكی زۆر كەمتر ساغدەكردەوە، لەھەمانكاتیشدا وەزارەتی كشتووكاڵ لەمساڵدا و لە رێگەی دروستكردنی چەند سایلۆیەكەوە ھەوڵدەدات لە ساڵانی ئایندە خۆیان گەنمی جوتیاران بكڕنەوە. حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش پاڵپشتی ئەو بڕیارە دەكات، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ بەفیڕۆ نەچێت، ئەوەش لە كاتێكدایە بەرھەمی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی كوردستان ساڵ دوای ساڵ لە زیادبوونە، بەجۆرێك ساڵی رابردوو، زیاتر لە 1 ملیۆن تۆنی تێپەڕاندووە. 

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close