عێراقهەواڵ

وه‌زیرێكی عێراقی به‌ (2) ساڵ زیندانی حوكم درا

دادگای تاوانه‌كان له‌ كه‌رخ، حوكمی زیندانی بۆ ماوه‌ی (2) ساڵ به‌سه‌ر وه‌زیری پێشووتری شاره‌وانی، “ریاز عه‌بدولحه‌مزه‌ ئه‌لغه‌ریب” و “هاشم عه‌بدولزه‌هره‌ عه‌زیز”، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هه‌مان وه‌زاره‌ت سه‌پاند، به‌پێی مادده‌ی (430) له‌ یاسای سزادانی عێراقی.

ئه‌نجومه‌نی باڵای دادگا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، “دادگای تایبه‌تمه‌ند، به‌ پێی سكاڵای لیژنه‌ی ده‌ستپاكی، حوكمی به‌سه‌ر ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ سه‌پاند، كه‌ له‌ ساڵی (2007)، به‌ به‌های (25) ملیۆن دۆلار رێككه‌وتنێكی ساخته‌یان ئه‌نجام داوه‌”.

روونیشكرده‌وه‌، “دادگا بڕیاری داوه‌، وه‌زاره‌ته‌كانی شاره‌وانی و نیشته‌جێكردن مافی داواكردنی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانیان هه‌یه‌”.

لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ مانگی رابردوو رایگه‌یاند، قه‌باره‌ی ئه‌و پارانه‌ی براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نزیكه‌ی (350) ترلیۆن دینار ده‌بێت، كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی (240) ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.

ته‌ها دیفاعی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گوتی: “حكومه‌ت لیژنه‌یه‌كی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی پێكهێناوه‌، ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای درووستبوونیدا كاری روون و گه‌وره‌ی كرد، به‌ڵام له‌و ماوه‌ی دواییدا به‌هۆی فشاری سیاسی، پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، كه‌ هه‌موو جۆره‌ تۆمه‌تێكیان بۆ هه‌ڵبه‌ستراوه‌”.

گوتیشی: “هیوادارم لیژنه‌كه‌ له‌ كاره‌كانیدا به‌رده‌وام بێت و ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێی سپێدراوه‌، به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت، كه‌ گرنگترینیان، دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌ندێك وه‌زاره‌ته‌”.

ئاشكراشی كرد، “ئه‌و پارانه‌ی له‌ دوای ساڵی (2003)ه‌وه‌ خه‌رجكراوه‌ن، ده‌گاته‌ هه‌زار ترلیۆن دینار، كه‌ بۆ بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌ به‌كاربه‌ره‌كان و وه‌به‌رهێنان ته‌رخان كرابوون، به‌ڵام سامانێكی زۆر له‌ رێككه‌وتنی ناڕوون به‌هه‌ده‌ر دراون، جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی، كه‌ له‌ زۆربه‌ی رێككه‌تنه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاكاندا كراون”.

دیفاعی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “هیچ پڕۆژیه‌كی وامان نه‌بینیوه‌ له‌ به‌غدا یان پارێزگاكانی دیكه‌ ته‌واو كرابێت، زۆربه‌ی پڕۆژه‌كان بۆ كۆمپانیای بێسه‌روبه‌ر گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌، پاره‌كان به‌و شێوه‌یه‌ به‌هه‌ده‌ر دراون و پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیژیمان نه‌بینی، وه‌ك رێگاوبانی سه‌ره‌كی و پرده‌ خێراكان”.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لوحڕه‌

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close