كوردستانهەواڵ

پڕۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردەوە

لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە هەموو 30 رۆژ جارێك موچە بە لێبڕینەوە دابەش بكات، ئەمڕۆ یەكشەممە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پابەندبوون بە رێكارە تەندروستییەكان لە قوتابخانەكان رێنمایی نوێی دەركردووە و تێیدا هاتووە، دەبێت دەمامك و پاككەرەوە بەكاربهێنن، پێویستە لە هەموو قۆناغەكانی خوێندن دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی رەچاوبكرێت و هیچ پۆلێكی خوێندن لە 20 قوتابی زیاتری تیادا نەبێت. 
بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بە شێوازی تەناوب دەبێت واتە هەر قوتابیەك هەفتەی سێ رۆژ دەخوێنێت، مامۆستایانیش دەتوانن تەنها كاتی وانەوتنەوە بچنە قوتابخانەكان. 
بڕیاری كردنەوەی قوتابخانەكان دوای ئەوەهات لە كۆتایی مانگی رابردوو وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند بڕیاردراوە هەموو 30 رۆژ جارێك موچە دابەش بكرێت، بەگوێرەی ئەو پارەیە لەبەردەستی حكومەت دەبێت لێبڕینی موچەش دیاری دەكرێت. 
پێشتر لە رۆژی 27ی ئەیلولی 2020 خوێندكارانی قۆناغی 12 ئامادەیی و 10ی تشرینی یەكەمیش قوتابیانی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی دەستیان بەخوێندن كرد، بەڵام بەهۆی مەترسییەكان و بەرزبوونەی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا، لە 1ی تشرینی دووەم دەرگای قوتابخانەكان داخران.
پێشتر جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە رایانگەیاندبوو، نەكردنەوەی قوتابخانەكان پەیوەندی بە لایەنی تەندروستیەوە نیە و زۆر شوێنی لە قوتابخانەكان مەترسیدارتر هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كە دانەخراون.  بەگوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە، بۆ خوێندنی 2020-2021 نزیكەی ملیۆنێك و 800 هەزار قوتابی دەخوێن

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close