كوردستانهەواڵ

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە داوای خواردنیان بەشێوەی دلیڤەری لە کەسێک کردووە و پاش گەیاندنی، بێهۆشیانکردووە و ئۆتۆمبێلەکەیان بردووە.

ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە،  مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی پیرەمەگرونی سەر بە بەشی پۆلیسی دوکان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە کەسێکیان بێھۆش کردووە و دواتر ئۆتۆمبێلەکەیان بردووە.

دەشڵێت، پاش ئەوەی کەسێک سکاڵای تۆمارکرد لەسەر دوو تۆمەتبار کە داوای گەیاندنی مادەیەکی خۆراکییان لێکردووە کە بەشێوەی (دلیڤەری) بۆیان بگەیەنێتە ناحیەی تاسڵوجە، دوای گەیاندنی ماددە خۆراکییەکە، تۆمەتبارەکان ھێرشدەکەنە سەری و بە ماددەیەک بێھۆشی دەکەن و ئۆتۆمبێلەکەی دەبەن.

باس لەوەشکراوە، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری ورد، توانراوە تۆمەتبارەکان بدۆزرێنەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی پیرەمەگرون بە ھاوکاری ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیربکرێن و ئۆتۆمبێلەکەش بدۆزرێتەوە و دوای رێکارەکان رادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە.

ئەوەش هاتووە، کە لە ئێستادا ھەردوو تۆمەتبار (د، ع، ح) و (ش، ئـ، ع) بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close