كوردستانهەواڵ

كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا له‌ هه‌رێم دواخرا

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بەڕێوەناچێت و بۆ چەند رۆژی داهاتوو دواخراوە، بەهۆی ئامادەنەبووی چەند ئەندامێکی لیژنەکەوە. 

ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ وادەی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنابوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی چەند ئەندامێکەوە دواخراوە و بەوەش، “لە رۆژانی داهاتوودا بۆ کردنەوەی ناوەندەکانی خوێندن بڕیاردەدەین”.

ئالان حەمەسەعید راشیگەیاندووە، ئێستا ژینگەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لەبارە و پێشنیازی خۆیان ئامادەکردووە و چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەکەن.

پێشتریش، رەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاندبوو، ئەگەر ئەم هەفتەیە ژمارەی توشبوون بە کۆرۆنا  بەرزنەبێتەوە، دەرگای قوتابخانەکان لە هەفتەی داهاتووەوە دەکرێتەوە، وتبووشی، پێنەدانی موچەی تەواو و نەدانی لە کاتی خۆیدا یەکێکە لە هۆکارەکانی نەکردنەوەی قوتابخانەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر، لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە كۆتا كۆبوونەوەی خۆیدا بریاریدا، قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەست بە دەوام بکەنەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاریشدرابوو، پۆلەکانی دیکە تا رۆژی ١ی ئازار بە داخراوەیی بمێنێتەوە، بەڵام لە ئێستادا باس لە پێشنیازێک دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن پێش ئەو وادەیەی دیاریکراوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close