نوسەران

دانیشە دكتۆر بزووتنەوەی ئیسلامیی و ھەڵەبجە، گەمەی زمانی تۆ نین

دانیشە دكتۆر
بزووتنەوەی ئیسلامیی و ھەڵەبجە، گەمەی زمانی تۆ نین

د. سالار تاوگۆزیی لە بەرنامەیەكی كەناڵی (كوردستان 24)دا ئەم قسانەی كرد:

ـ خەلافەتەكانی ئیسلامیی توندڕەوبوون
ـ كوردستان و ھەڵەبجە خێڵەكیین
ـ ھەڵەبجەی بە دەرەوەی شار لەقەڵەمدا
ـ ھەڵەبجە مێژوویەكی توندڕەویی ھەیە
ـ ئیسلامیی سیاسیی خزمەتی بە عەرەب كردووە
ـ بزووتنەوە یەك پڕۆژەی پێشكەش بە ھەڵەبجە نەكردوە
ـ بزووتنەوە خەڵكی فێری بیری توندڕەویی دەكرد دژی نەتەوە و نیشتیمان
ـ پیاوانی ئاینیی ئیسلامیی سیاسیی خەریكی نانەوەی فیتنەن
ـ كادر و ئەندامانی حیزبە ئیسلامییەكان جگە لە جنێو و سوكایەتیی و ھەڕەشە ھیچی تر نازانن
ـ گروپێك دەستی بەسەر ھەڵەبجە دا گرتووە و نایەڵێت حكومەت ئیشی خۆی بكات
ـ لە ھەڵەبجە سێ میكانیزم كاردەكات (حیزب ـ خێڵ ـ ئاین)، ئەم سێ میكانیزمە نایەڵن ھەڵەبجە پێشبكەوێت
ـ گەنجانی ھەڵەبجە زۆر ئاسان ئیستیغلال دەكرێن
ـ ئیسلامیی سیاسیی لە ھەڵەبجە بە زۆنگاو لەقەڵەمدا
ـ لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی و دەوروبەری وەك ھەڵەبجە وڵاخ دەبەسترێتەوە

ئەم قسانەی سەرەوە ھی ئەم دكتۆرەیە كە ناوم ھێناوە، ببینن چۆن لە شاشەیەكی ئاسمانییەوە ئەو ھەموو تۆمەت و شیكارییە سەقەت و پەلامارەی ھەم ھەڵەبجە و ھەمیش بزووتنەوەی ئیسلامیی داوە، بێ خوێندنەوەیەكی مێژوویی و فاكت و دیوی ڕاستینەی ھەڵەبجە و بزووتنەوە.

جا كێشەی من لە نوسیندا ئەوەیە درێژ دەبێتەوە و كەس تاقەتی خوێندنەوەی نییە، ناچارم لەمڕۆی دونیای نوسین و گڵۆباڵمێدیادا، وەڵامێكی زۆر كورتی ئەم دكتۆرە بدەمەوە.

بەرێز دكتۆر سالار
ـ خەلافەتەكانی ئیسلامیی پایەی ھۆشیاریی و بڵاوكردنەوەی ئیسلام بوون و ھەرگیز توندڕەو نەبوون و پرەنسیپەكانی قورئان و سوننەتیان جێبەجێ كردووە، ئەوە نەیارەكانی ئیسلامن كە دەیانەوێت مێژووی ئیسلام ناشرین بكەن و تۆمەتی خوێنڕێژییان بۆ ھەڵبەستن، ئەگەریش جوڵەی نامۆ و بەناو شەڕخوازیشیان ھەبوبێت ئەوە لە بەرەی ڕوبەڕووبوونەوەدا بووە و مێژووش نەیار دەینوسێت.

ـ ھەڵەبجە كۆمەڵگەیەكی خێڵەكیی نییە و خۆت دەكەم بە شایەت كە سومبولی ئەدەب و مەعریفە و ھونەرە و بەو ھەموو لێقەوماوییەشیەوە ھێشتا خەڵك و گەنجان و نوسەران و ھونەرمەندانی، پێشەنگی ئەدەب و ھونەری كوردن و جومگەی ئەم وڵاتە نییە كادرێكی ھەڵەبجەیی تێدا نەبێت بە خۆشتەوە كە ئێستا مامۆستای زانكۆیت و لە ھەولێرەوە ئەم قسانە دەكەیت.

ـ ھەڵەبجە دەرەوەی شار نییە و پێگەیەكی دەوڵەمەندە بە فەرھەنگ و كەلتور، ھەڵەبجە خۆی شارە و ئەگەر مەبەستت ئەوەیە دەرەوەی پارێزگای سلێمانییە ئەوە تۆ یەكێكیت لەو كەسانەی جاڕی سەربەسلێمانییبوون لێدەدەیت و چاوت بەرایی نادات ھەڵەبجە سەربەخۆ و خۆبەر بێت وەك شارێكی زیندووی جیھانیی.

ـ ھەرگیز ئەم شارە مێژووی توندڕەویی نەبووە و نییە، كە دەڵێیت مێژوو، لانی كەم دەبێت سەد ساڵ بگەڕێیتەوە بۆ دواوە، دەی ئەگەر مەبەستت ئەم دوو دەیەیەی ڕابردووە، خۆت باش دەزانی جگە لە وێستگەیەكی كەم نەبێت، كە ئەویش ھاوردەی ئەموئەو بوو، ئەم شارە توندڕەویی بەخۆیەوە نەدیوە.

ـ لە كوێی ئەم ھۆشیارییە ئیسلامییەدا كە جەنابت بە ئیسلامیی سیاسیی ناوی دەبەیت وەك زەم، خزمەت بە عەرەب و بیری ناسیۆنالیزمی عەرەبیی كراوە، سوێندت بۆ دەخۆم بزووتنەوە لە حیزبە نەتەوەییەكان باشتر بووە بۆ نەتەوە و پێشمەرگە و كوردستان، ئەوەی میدیای بزووتنەوە كردویەتی بۆ خزمەت بە كورد و خاكەكەی ھەرگیز لافلێدەرانی ناسیۆنالیزمی كوردی نەیكردووە، سەد بەڵگەت دەدەمێ.

ـ دەڵێیت بزووتنەوە پڕۆژەی بۆ ھەڵەبجە نەبووە، بزووتنەوە حكومەت نەبووە تا پڕۆژەی ھەبێت، ئەو دەورانەشی كە دەسەڵاتی ھەبوو، شەڕی ناوخۆ بوو، ئەگەر بزووتنەوە سامانی ئەم وڵاتە و بیرەنەوت و داھاتی ناوخۆ و گومرگ و خاڵە سنوورییەكان و بودجەی بەغدا و شاباشی وڵاتانی لابوایە، حەتمەن دوو جادەی سەد و پەنجا مەتریی دەكرد بۆ ھەڵەبجەیەكی داماو، ئەی حكومەت زۆری بۆ كردووە پاش دەورانی بزووتنەوە؟ خۆ بزووتنەوە لە سەرەتای دووھەزارەكانەوە دەسەڵاتی نییە ئەوە بیست ساڵە كێ دەستی ناسیۆنالیزمی كوردی گرتووە ئاوڕێك لەم شارە باتەوە؟

ـ من كادری ئەم حیزبەم و ھێندەی توكە سەری بەناو ناسیۆنالیزمی كوردی لە ھەر پارچەیەكی ئەم زەمینە خزمەتم بە كورد و فەرھەنگ و ئەدەب و خاك و ئاڵا و تەنانەت دەوڵەت و سەربەخۆییەكەشی كردووە و ڕۆژێك یەك تاقە سەركردەی ئەم بزووتنەوە پێیان نەوتووم ئەوە خەریكی چیت! ئەسڵەن بزووتنەوە بەوە ناسراوە كورد و ئیسلامی پێكەوە گرێداوە و خەباتی چەكداریشی دژی بەعس گەواھیدەرە و ژمارەی شەھیدانیشی لە بەرەی دژ بە ستەمكاریی حكومەتەكەی سەدام باشترین شاھێدە.

ـ لە كوێدا پیاوانی ئاینیی خەریكی فیتنەن، تۆ فیتنە بە چی تێگەشتوویت؟ یەك ھەڵە و قسەی قۆڕ و جوێن و سوكایەتیی مامۆستا و مەلا و پیاوێكی ئاینیی و سەركردەیەكی مێزەرپاكی ئەم ئیسلامییە سیاسییەی ھەڵەبجەم پێ بڵێ با من تەنانەت واز لەم ئیسلامەش بێنم، پیاوانی ئاینیی جگە لە فێركردنی ڕەوشت و دزی نەكردن و ئەمر بە چاكە و نا لە خراپە و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و خزمەت بە قیامەت و ئایندەی ھەمیشەیی چییان وتووە و كردووە؟ یان ھەر فێر بوون و ئەمەش دەچێتە خانەی گەرمكردنی ئەجێندایەك بۆ لێدان لە ئیسلام و ھەڵەبجە.

ـ ئێمەمانان و جنێو؟ باس لەوە دەكەیت كادرانی ئیسلامیی خەریكی جنێو و ھەڕەشەن، دەی سوێندت دەدەم بەو قورئانەی جاران و لە دەمەدەمی مناڵیتدا لە تەلەفزیۆنی (IMK) لە ھەڵەبجە گوێت لێدەبوو، كام كادر و ئەندام تا ئێستا جنێوێكی داوە بە شەیتانیش نەك عەلمانییەكیش نەك چەپ و ماركسییەكیش! بابە گیان، ئەو كادرەی لە مەدرەسەی ڕەشیدی ئیسلامخوازیی بزووتنەوە و حیزبە ئیسلامییەكانەوە ھاتۆتە دەرێ بایی نەتەوەیەك ئاكار و ئەخلاق و ماھیەت و كەرامەتی ھەڵگرتووە، یەك كادری موسڵمانم پێ بێژە دژی ئینسان و ڕەوشت و كەرامەتی گەل و خاكەكەی بێت، یان بە زمانی سوكایەتیی باسی لە تەنانەت نەیارەكانیشی كردبێت، ئەوە بڕۆ ھەموو مێژووی لاپەڕەكانی گۆڤاری (جەماوەر) و ڕۆژنامەی (بزووتنەوەی ئیسلامیی) و تەلەفزیۆن و سایتەكانی ھەڵبتەكێنە بزانە بێ ئەدەبییەك دەبینیت بەرامبەر بەم خەڵك و خاك و كوردستانە؟

ـ دەڵێیت گروپێك دەستی گرتووە بەسەر ھەڵەبجەدا نایەڵێت حكومەت ئیشی خۆی بكات، وەڵڵاھی لەمەیان تێنەگەشتم، نازانم مەبەستت لە گروپ كێیە؟ ئەمەیان خۆت بەرپرسی لێی.

ـ دەڵێیت ھەڵەبجە موبتەلای سێ میكانیزمە (خێڵ ـ ئاین ـ حیزب)، بۆ حیزبەكە تەواوە ڕاستەكەیت، بەس یانی چی خێڵ، یانی چی ئاین؟ یانی ھەڵەبجە خێڵەكییە؟ یان ھەر بەڕاست ئاین لە ھەڵەبجە فڕە بدەین و ئیتر دڵت ئاو دەخواتەوە و چیتر لە كەناڵی (كوردستان 24)ەوە پەلاماری ئەم شارە نادەیت؟ وەڵا ئافەرین تاوگۆزیی!، یانی ئاین نایەڵێت ھەڵەبجە پێشبكەوێت؟ ئەی بە ڕای تۆ چی نایەڵێت كوردستان پێشبكەوێت؟ ئەی چی نایەڵێت سعود و مالیزیا پێشبكەوێت؟ پێم سەیرە ئاین بە ھۆكاری دواكەوتوویی دەزانیت، جا جەنابت ئەگەر گەشتبیتە ئەو خاڵە لە بیركردنەوە، ئەوە گفتوگۆ لەسەر ئەو خاڵەیان زیادەیە.

ـ گەنجانی ھەڵەبجە بۆچی زوو ئیستیغلال دەكرێن؟ یانی گەنجی ھەڵەبجە بە قسەی تۆ بێت ئاستیان نزمە لە بیر و ھزر و ھۆشیاریی؟ نا ئازیز! ئەوە ھەژموونە وادەكات كۆمەڵگە و گەنج ھەڵتەكێت، ئەوە گوناحی گەنجی ھەڵەبجە نییە، تاوانی ئەو سیستەم و حكومەتدارییەیە كە نەیتوانیوە لانی كەمی ماف و داخوازییەكانی گەنج بھێنێتە دی.

ـ ئیسلامیی سیاسیی لە ھەڵەبجە بە زۆنگاو لەقەڵەم دەدەیت، ئەم زمانە بەسەر چووە دكتۆر، نە ئیسلامیی سیاسیی بەكتریان و نە ھەڵەبجەش زۆنگاو، بریا ھەموو شارێك وەك ھەڵەبجە پاك بوایە، كەمترین دزی، كەمترین خراپە، كەمترین تاوان، كەمترین بێ ڕێزیی، كەمترین گەندەڵ، كەمترین حاڵەتی تیایە كە دژی مرۆڤ و خاك و نەتەوە بێت.

ـ دواجار دەڵێیت لە ھەڵەبجە و سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڕۆشنبیریی وڵاخ بەستراوەتەوە، ئەمەیان جێدێڵم بۆ حكومەت و ئەو لایەنانە خۆیان با جوابت بدەنەوە، بەڵام ھێندە دەڵێم، ئەگەر لەم شارە ژیابای دەتزانی خزمەتی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و ھونەری ھەڵەبجە و رۆشنبیران و نوسەران و میدیاكاران و شاعیران و ڕۆژنامەنووسان و چینی مامۆستا و مەلا و پیاوانی زانا و پێشنوێژ و وتارخوێنان لە چ ئاستێكدان و چۆن بەردەوامن لە خزمەت بە چاكەی گشتیی و پێشكەوتنی ھەڵەبجە.

دوا قسەم بۆ بەرێزت دكتۆر سالار گیان ئەوەیە، ئاگاداربە میدیا لەمڕۆدا پشتی پیاو دەشكێنێت، لەپێناو ڤیوی خۆیدا بۆ پڕكردنەوەی فەراغ ھەموو قسەیەكت پێ دەكەن، ئاممان وریابە تۆ پیاوێكی ئەكادیمیت، دەبێت بە وردیی مامەڵە لەگەڵ مێژوو و واقیع و شار و ئاین و نەتەوە و تەنانەت ھەستی حیزبەكانیشدا بكەیت، چی دەڵێیت بیڵێ ئازادیت بەڵام پەلامار بۆ سەر ئیسلام بە بیانووی بوونی بیری توندڕەویی ھەروا ئاسان نییە، دەبێت پۆلێن بكەیت، ماست سپییە و قیریش ڕەش، ھەرگیز تێكەڵ نابن.

ئەمە ھەروا ھاكەزایی نوسیم بە ھیوام پێویست بە وتاری تر نەكات، سوپاس بۆ خوێندنەوەت و تێگەشتنت و ڕێ بە خوێنەرانیش دەدەم ئەوانیش حوكمی خۆیان بدەن.

ئاری عەبدولەتیف
٢٠٢١/١٢/١٤

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close