كوردستانهەواڵ

سەنتەری میترۆ: لە 2021دا 353 پێشێلکاری بەرامبەر 260 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی کراون

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان دەڵێت، لە ساڵی 2021دا 353 پێشێلکاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی کراون، دەشڵێت، پێشێلکاری بەرامبەر بە ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 8٪ کەمیکردووە.

 ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2022، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان، لە رێوڕەسمێکدا لە شاری سلێمانی راپۆرتی رەوشی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو. 

لە سەرەتای رێوڕەسمەکە وتاری سەنتەری میترۆ لەلایەن دیاری محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە خوێندرایەوە، بە وتەی دیاری محەممەد ئەو راپۆرتەی ئەمڕۆ بڵاوی دەکەنەوە، “یازدەهەمین راپۆرتی ساڵانەی سەنتەری میترۆیە”.

 بەبێ ئەژمارکردنی راپۆرتی ئەمساڵیان بۆ ساڵی 2021، دیاری محەممەد وتی، “لە 10 راپۆرتی رابردوودا لە ساڵەکانی 2011 بۆ 2020، 2 هەزار 632 پێشێلکاری بەرامبەر بە دوو هەزار و 165 رۆژنامەنووس و کەناڵی راگەیاندن کراوە، کە سێ لە کەیسەکانی ئەو ماوەیە، کەیسی تیرۆرن”. 

سەبارەت بە ئاماری ساڵی 2021بەراورد بە ساڵی 2020، وەکو بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ ئاماژەی پێدا، “وەک ژمارە ئاستی پێشێلکاری بەرامبەر بە ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی بە رێژەی 8٪، بەراورد بە ساڵی 2020 کەمیکردووە،” بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، “ئەوە مانای ئەوە نادات کە ژینگەی کارکردن بێخەوشە، بەڵام جۆری پێشێلکارییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەوەش بەکارهێنانی ماددەکانی یاسای سزادانی عێراقییە بۆ دۆسێکانی بڵاوکردنەوە و ئازادیی رادەربڕین”.

 ئامارەکانی تایبەت بە پێشێلکارییەکان لە میانی ساڵی 2021، کە دەست سەنتەری میترۆ کەوتووە، لەلایەن ئاڤان جاف خوێندرایەوە، ئاماژەی بەوەدا کە لە ئەو ساڵەدا 353 پێشێلکاری بەرامبەر بە 260 رۆژنامەنووس و دامەزراوەی میدیایی کراوە، کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە: –

189 رێگری و جیاکاری 

– 81 هێرش و لێدان و سووکایەتی 

– 25 دەستبەسەرکردن بەبێ بڕیاری دادگا 

– 25 کەیسی زەوتکردنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی 

– 13 کەیسی هەڕەشەکردن 

– 7 کەیسی شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەڤانی 

– یەک کەیسی تەقەکردن لە رۆژنامەنووسان 

– 4 کەیس و حاڵەتی رۆژنامەنووسی حکومدراو بەدەر لە یاسای کاری رۆژنامەگەری 

– 2 کەیستی هەڵکوتانە سەر و داخستنی بارەگای کەناڵەکان 

– 6 کەیسی پڕکردنەوەی بەڵێننامە لەلایەن دامەزراوەکانەوە

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close