عێراقهەواڵ

سەرۆکایەتی کۆمار:دابینکردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق به‌بێ هه‌رێمی کوردستان ناتەواوە

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرزکردن)ەوە رایگەیاند، تێپه‌ڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی بەبێ کورد پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌. دەشڵێت، دابینکردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ عیراق به‌بێ چاره‌سه‌ری موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم کارێکی ناته‌واوه.

ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەگەرچی یاسای پڕکردنه‌وه‌ی کورتهێنانی دارایی کارێکی پێویست بوو بۆ دابینکردنی موچه‌‌ی فه‌رمانبه‌ران بۆ سێ مانگی داهاتوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌نابردن بۆ قه‌رز چاره‌سه‌رێکی بەردەوام نییه‌.

دەشڵیت، جه‌خت له‌ رێگه‌چاره‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ رێگه‌ له‌ دووبارەبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بگرێت، چونکه‌ قەرزکردن به ‌ته‌نیا به‌س نییه‌ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پێویسته‌ پشت به‌ چاکسازییه‌کی گشتگیر ببه‌سترێت بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی قه‌یرانه‌که ‌و پارێزگاری له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وه‌کو ئه‌وله‌ویه‌تێکی بێچه‌ندوچوون”.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لەبارەی تێپەڕاندنی یاساکە بەبێ رەزامەندی کورد دەڵێت، ئه‌م یاسایه‌ بێ ره‌چاوکردنی سازانی نیشتمانی، به‌دیاریکراویش به‌بێ خواستی کورد په‌سه‌ندکراوە و ئه‌وه‌ش “پێشینه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌‌‌ لە کاری سیاسی عیراقدا”.

زیاتری لەسەر وتووە، “دابینکردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ عیراق به‌بێ چاره‌سه‌ری موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم کارێکی ناته‌واوه‌ چونکه‌ ئه‌وانیش هاوڵاتی عیراقن و مافه‌کانیان له‌ ده‌ستووردا جێگیرکراوه‌”.

لەبارەی کێشەکانی هەرێم و بەغداشەوە، سەرۆکایەتی کۆمار باس لەوەدەکات، کە جەخت لە چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌کانی نێوانیان دەکاتەوە و به‌دیاریکراویش دۆسیه‌ی نه‌وت و رێکخستنه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی شه‌فاف و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور که‌ دادپه‌روه‌ری و مافی هاوڵاتیبوون بۆ هه‌موو عیراقیه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پەسەندکردنی یاسای قەرز لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد، ناڕەزایەتی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی لێکەوتەوە و سەرۆکایەتی هەرێمیش دوێنێ لە ڕاگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە له‌پێناو يه‌كهه‌ڵوێستيى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا له‌سه‌ر ئەو پرسه‌، كۆبوونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆكايه‌تييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان و نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى فيدرال و پەرلەمان ساز ده‌كەن.

بابەتی دیكە

Close