عێراقهەواڵ

عێراق دوو موچە بەسەریەکەوە دابەشدەکات

بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، موچەی مانگی ١٠ و ١١ی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵی دابەشدەکرێت.

حەیدەر مەجید، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە بە فەرمانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران، وەزارەتی دارایی خەریکی تەمویلکردنی موچەی فەرمانبەرانە و لە یەکشەممەشەوە، موچەی هەردوو مانگەکانی ١٠ و ١١ دەچێتە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەران.

بەرەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارە کوردەکان، یاسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرزکردن)ی تێپەڕاند.

لە یاساکەدا هاتووە، کە هیچ هاوکارییەکی دارایی هەرێمی کوردستان ناکرێت ئەگەر بێت و نەوت و داهاتەکانی دیکە رادەست نەکات. بۆ ئەوەش، مەرجیان داناوە کە بڕی نەوتەکەی هەرێم دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ دیاری بکات.

بۆ ماوەی دوو مانگە، حکومەتی عێراق نزیکەی ٢٠ رۆژ لە دابەشکردنی موچە دوادەکەوێت، بەڵام بڕیاریداوە یەکشەممەی داهاتوو بەسەریەکەوە دوو موچە بدات و بەوەش، نەک تەنیا پێدانی موچە یەکسان دەکاتەوە، بەڵکو چەندین رۆژ بەر لە وادەی خۆی، موچەی مانگی ١١ش دابەشدەکات.

لە مانگی ئابی ئەمساڵدا حکومەتی هەرێم و عێراق رێککەوتنێکیان کرد و تێیدا هاتبوو، کە بۆ ماوەی سێ مانگ حکومەتی فیدراڵی مانگانە ٣٢٠ ملیار دینار دەنێرێت و بەوەش، هەرێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و داهاتەکانی دیکەدا موچەی فەرمانبەرانی خۆی پێدابین دەکات.

لەدوای تێپەڕاندنی یاسای کورتهێنانی دارایی (یاسای قەرزکردن) روون نییە کە ئایا حکومەتی عێراق بۆ جاری سێیەم بڕی ٣٢٠ ملیار دینارەکە دەنێرێت؟ یان ئەگەر نەینێرێت، ئایا پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران چییە؟

بابەتی دیكە

Close