جیهانهەواڵ

ئیسرائیل داواى چەکى کۆمەڵکوژی زیاتر لە ئەمریکا دەکات

ئیسرائیل داواى چەکى زیاتر و “دایکى بۆمبەکان” لە ئەمریکا دەکات

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە و ناوچەکانی دەوروبەری لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە، ئیسرائیل چەک و هاوکاری بێ سنووری لە واشنتۆنەوە وەرگرتووە، کە بەهای هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ تەلئەبیب لە ساڵی ١٩٤٨ەوە تائێستا بۆ نزیکەی ١٣٠ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەردا ئەندامانی کۆنگرێس داواکارییەکیان پێشکەشکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی فرۆشتنی “دایکی بۆمبەکان” بە ئیسرائیل. ئەوەش بەهۆى مەترسى بەکارهێنانى ئەو بۆمبە لە دژى کەسانى مەدەنى لە غەزە.

بەگوتەی شارەزایەکی ئەمریکی، کە قسەی بۆ سکای نیوز کردووە، چەکی ئەمریکی بەشداربووە لە ئەنجامدانی پێشێلکاری و کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی سڤیل لە غەززە، بۆیە بەرپرسە لەو تاوانانە، ئیسرائیل داوای مۆدێلی گەورەتری بۆمبی “دایکی بۆمبەکان”یشی کردووە، کە کێشی ٨ تۆنە، ئەوەش بۆ هێرشى سەر ئەو تونێلانەى چەکدارانى فەڵەسیتین لە غەزە دروستیان کردووە.

ڕۆژنامەی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکرد، واشنتۆن بۆمبی قورسی کونکردنی قەڵاکان و دەیان هەزار تەقەمەنی و تۆپخانەی بۆ ئیسرائیل دابی کردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا چەندین جۆر چەکى پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە، کە لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە لە شەڕەکانى غەززە بەکاریهێناوەو دیارترین جۆرەکانیش بریتیبوون لە:

57 هەزار تەقەمەنی تۆپخانە و نزیکەی 15 هەزار بۆمب.
100 بۆمبی BLU-109 کە کێشیان نزیکەی 875 کیلۆگرامە.

لای خۆیەوە گۆڤاری (Responsible Statecraft) بڵاویکردەوە، پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بە چەک و تەقەمەنی 130 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

گۆڤارە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ١٩٤٨ەوە ئیسرائیل زۆر پشتی بە ئەمریکا بەستووە، لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە و ئەو چەکانەى کە سوپای ئیسرائیل لە کاتی شەڕی ئێستادا تەنانەت رابردووش بەکاریهێناوە زۆرینەیان چەکى ئەمریکى بوون.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دابینکردنی چەکی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل بەخۆڕاییە و لە ڕێگەی بەرنامەکانی پارەدارکردنی سەربازی بیانی دابیندەکرێت، کە لە رێگەیەوە هاوکاری سەربازی و زیادەی ئامێری سەربازییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

واشنتۆن لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە زیاتر لە هەموو وڵاتان هاوکاری ئیسرائیلی کردووە، کە زانیارییە بەڵگەدارەکان لەلایەن دامەزراوەی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵمەوە بڵاوکراونەتەوە دەریانخستووە کە ٧٩%ی چەکەکانی ئیسرائیل لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٢ لەلایەن واشنتۆنەوە دابینکراوە.

هەروەها ئەڵمانیا بە ڕێژەی 20%ی لە دابینکردنى چەک بۆ ئیسرائیل لە پلەی دووەمدایە، ئیتاڵیاش بە ڕێژەی 0.2% لە پلەی سێیەمدایە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close