تەندروستیكوردستانهەواڵ

هەفتەی داهاتوو زیاتر لە 160 هەزار ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان

وەزیری تەندروستی ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرت و رایگەیاند والێكدرابۆیەوە كە ئێمە گومانمان لە ڤاكسینەكە هەیە، بۆیە ئەو گومانەمان رەواندەوە، ئاشكراشیكرد لە 15ی ئەم مانگەدا زیاتر لە 160 هەزار ڤاكسین دەگاتە هەرێمی كوردستان.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا بە رۆژنامەوانانی راگەیاند: بە پەرۆشەوە هاوبەش دەبین لەگەڵ پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بڕیارماندا كە ڤاكسینەكە وەربگرین، هەرچەندە لەسەرەتاوە مەبەستمان بوو كە تیمە تەندروستیەكانی بەركەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ تووشبووانی كۆرۆنا هەیە ڤاكسینەكە بەكار بهێنن.
وەزیری تەندروستی روونیكردەوە كە ئێمە مەبەستمان بوو لە پێش ئێمەدا كارمەندان وەریبگرین، بەڵام ئەو مەبەستەی ئێمە بە هەڵە لێكدرایەوە وتیان كە گومانمان لە ڤاكسینەكە هەیە بۆیە خۆمان بەكارمان نەهێناوە، هەر بۆیە ئەمڕۆ بەشداریمان كرد تا ئەو گومان و لێكدانەوانە نەهێڵین. 
ئەو وتیشی: ئەگەری ئەوە هەبوو كە لەم هەفتەیەدا كاروانێكی دیكەی ڤاكسین بگاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام وادەكەی خراوەتە 15ی مانگ بڕەكەی بە 167 هەزار مەزەندە دەكرێت، لە هەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی ژمارەكە لەوە زیاتر بكەین.  
وەزیرەكە داواشیكرد رێكارەكانی خۆپارێزی شل نەكرێتەوە، نمونەی ئەمڕۆی هێنایەوە كە 344 تووشبووی نوێ تۆماركراوە و چوار كەسیش گیانیان لەدەستداوە، بە وتەی وەزیری تەندروستی ئەو ژمارانەی ئەمڕۆ زۆرینەیان كۆرۆنای گۆڕاوە بۆیە پێویستە هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن. 
بەرزنجی ئاشكراشیكرد كە بەشێوەیەكی ئۆنلاین ناسنامەی وەرگرتنی ڤاكسین دروست دەكەن بۆ ئەوەی هاوشێوەی پاسپۆرتی تەندروستی بەكار بهێنردێت.  
وەرگرتنی ڤاكسین لەدوای ئەوەهات كە دوێنێ سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، وەك یەكەم كەس لە سنوری پارێزگاكەدا ڤاكسینەكەی وەرگرت. 

دوای وەرگرتنی ڤاکسینەش بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند “ئەگەر ئێمە بۆ خۆمان گومانمان هەبێت نابێت بیدەن بەكەس، ئەو كەسانەش كە دوای من وەریدەگرن ئەگەر من وەرم نەگرتایە ئەوانیش وەك من مرۆڤن و خێزانیان هەیە و هیچ شتێكم لەكەس زیاتر نییەو شتێك لەسەر كارمەندانەكانم تاقی ناكەمەوە كەخۆم لێی بترسم”.

رۆژی پێنج شەممە لە رێوڕەسمێکدا کە وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئامادەییبوون بۆ یەکەمجار کارمەندێکی تەندروستی لە هەولێر ڤاکسینەکەی پێدرا، بەڵام وەزیر و بەرپرسانی دیکەی شارەکە وەریان نەگرتبوو.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close