تەندروستیكوردستانهەواڵ

ته‌ندروستی سلێمانی: داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات ئه‌م جۆره‌ ده‌رمانانه‌ به‌كارنه‌هێنن

قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگەیاند، له‌سه‌ر سكاڵای هاوڵاتیان ده‌ستبه‌سه‌ر بڕێک ده‌رمانی زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشدا گیراوە و نوێنه‌ری ته‌ندروستی سلێمانیش، داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كات ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ به‌كارنه‌هێنن.

په‌رست نه‌قشبه‌ندی نوێنه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاندووە، له‌سه‌ر سكاڵای هاوڵاتیان لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێک ده‌رمانی زیادكردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشدا گرتووه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی هاو‌رده‌ی شاری سلێمانی كراوه و به‌كارهێنانی ده‌رمان پێویسته‌ له‌لایه‌ن‌ پزیشكی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌‌ دیاری بكرێت و له‌ ده‌رمانخانه‌ فه‌رمییه‌كان بكڕێت و پزیشكی ده‌رمانساز شێوازه‌كه‌ی بۆ نه‌خۆشه‌كان روونبكاته‌وه پاشان به‌كاربهێنرێت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له ‌رێگه‌ی په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌شێوه‌ی ئۆنڵاین به ‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت نایاساییه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نازانرێت پێكهاته‌كه‌ی چییه‌ ئه‌و ده‌رمانانه‌ به‌سه‌رچوون و  شێوازی به‌كارهێنانه‌كه‌شی هه‌ڵه‌یه‌، هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ش له‌ رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ ده‌ستی كڕیاره‌كان، كه ‌ئه‌مه‌ش زیان به‌ ته‌ندروستی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گه‌یه‌نیت‌.

ئەوەشى خستووەتەڕوو، لیژنه‌كان به ‌وردی‌ به‌ دواداچونیان كردووه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كۆگای عه‌مباركردنی ئه‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ له ‌شاری سلێمانی بوونی نیه، به‌ڵكو له ‌شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌رێم و عێراقه‌وه‌ به‌شێوه‌ی قاچاغ و به‌ رێژه‌ی كه‌م هاورده‌ ده‌كرێت به‌ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌فرۆشرێت.

راشیگەیاندووە، داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كەین بۆ زیادكردن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش، جوانكاریی و به‌هێزی جه‌سته‌ یان هه‌رجۆره‌ نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ له‌و جۆره‌ ده‌رمانانه‌ به‌كارمه‌هێنن، چونكه‌ زیان به‌ته‌ندروستی خۆیان ده‌گه‌یه‌نن.

باسی لەوەشکردووە، به ‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی ئه‌و ده‌رمانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ له‌ناوده‌برێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بازرگانی بە بەشێک لە دەرمانەکانەوە دەکرێت و بەردەوام پزیشکان و لیژنەکانی قائیمقامییەت هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدەن و داوایان لێدەکەن لە کڕینی دەرمان بە ئۆنڵاین دوورکەونەوە و لە ژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕدا دەرمان وەربگرن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close