تەندروستیعێراقكوردستانهەواڵ

بەڕێوەبەری پێشووی تەندروستیی چەمچەماڵ: ئاوى خواردنەوەی قەزاکە لە زبڵدان پیسترە

بەڕێوەبەرى پێشووى تەندروستیى قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند، ئاوى خواردنەوە و سەربڕخانەکانى قەزاکە لە زبڵدان پیسترن. هاوکات لەبارەى هۆکارى لابردنیشی لە پۆستەکەى دەڵێت: “وامزانى گەر تاوان کەشف بکەم ڕێزم لێدەگرن، کەچى دەریانکردم”.
د. فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەرى پێشووى تەندروستیى قەزای چەمچەماڵ لە ڕونکردنەوەیەکیدا کە لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى بڵاویکردووەتەوە نوسیویەتى: “داوام لێدەکرێت هۆکارى بەزۆر دەستلەکارکێشانەوەم ئاشکرا بکەم، لەگەڵ ئەوەى پێشتر دوو جار داواى دەستلەکارکێشانەوەم کردبو، بەڵام پەسەند نەکرابو”.


نوسیویشیەتی: “ئەوەى لەگەڵ هاوڕێکانمان و لەماوەى دەستبەکاربونمان بۆ تەندروستى چەمچەماڵمان کردووە بە درێژایی رابردوى ئەم سێکتەر و شارەکەش نەکراوە، سودى چییە قسەکردن لەکاتێکدا هەموو خەڵکى کوردستان و چەمچەماڵ زانیان حەوزى سەرەکى ئاوى خواردنەوە حەوت ساڵە پاک نەکراوەتەوە، لەسەرى هاتومەتە دەنگ بەڵام دەریان کردم”.
د. فەرهاد محەمەد لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە: “سودى چییە گەر هەموو خەڵکى چەمچەماڵ ئاگادار بکەمەوە کە سەربڕخانەکانیان لە زبڵدان پیسترە و هیچ مەرجێکى تەندروستیان تێدا نییە”.
لە بەشێکى تری نوسینەکەیدا، باس لە بێدەنگیى بەڕێوەبەر، فەرمانگە، بەرپرسە حزبییەکان نوسەر و ڕۆژنامەنوسان دەکات و ئەوەی خستووەتەڕوو: “ویستم ئەمجارە وەک ئەوان دەست بە کڵاوەکەمەوە بگرم با نەیبات و شار بۆ هەتاهەتایە جێبێڵم و خەریکى ژیانى تایبەتى خۆم بم”.
ئاماژەى بەوەشکردووە: “تەنها چەمچەماڵ هێندەى فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانى سروشتى هەیە کەچى 15 رۆژ جارێک ئاوى خواردنەوەیان پێدەدرێت و ئەو ئاوەش حەوت ساڵە لەناو زبڵداندا گلدەدرێتەوە، سودى چییە ئاگاداریان بکەمەوە؟”.


هاوڵاتییانیش ئاگاداردەکاتەوە کە: “حەوت ساڵە حەوزى ئاوى خواردنەوەى چەمچەماڵ پاک نەکراوەتەوە و سەربڕخانەکانى شارەکە مەرجى تەندروستیان تێدا نییە، وامزانى ئەگەر تاوان کەشف بکەم رێزم دەگرن، کەچى دەریانکردم”.
بەڕێوەبەرى پێشووى تەندروستیى قەزای چەمچەماڵ نوسیویشیەتى: “وامزانی ئەگەر تاقیگەی ناوەندی و سەنتەری گورچیلەی دەستکرد و سەنتەری پسپۆڕی ددان و سەنتەری فریاکەوتن وخودەج و پزیشکی دادوەری ودەیان هۆبە و بەش و هۆڵی منداڵبون و دو نەخۆشخانە و سەدان ئامیری پزیشکی و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرمان و ئیسعاف و بەبڕی هەشت ملیار دینار کەلوپەل لەم قەیرانەدا بۆ ئەم تەندروستی ئەم شارە بکڕم، پەیکەری ڕیزلێنانم بۆ دروست دەکەن و مندڵەکانم شانازی بە پەیکەرەکەی باوکیانەوە دەکەن کەچی لەبەر خاتری خاترداران کە خانویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەکە دروستکردبو، دەریان کردم”.


لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، د. فەرهاد باسی لەوەکردووە: “ئێستا داواکارى گشتى ئەم نوسینانە دەبینێت و دەزانێت بەهۆى کەسێکەوە ئاوى خواردنەوەى چەمچەماڵ پاک نەکراوەتەوە، بزانم لەسەرى یەتە دەنگ”.
لە مانگى ئەیلولى ئەمساڵ و لە ئاگادارییەکدا کە ئاڕاستەى قائیمقامیەتى قەزاى چەمچەماڵى کردووە، بەڕێوەبەرى تەندروستیى چەمچەماڵ هۆشدارى دەدات کە بە هێواشى خەڵکى چەمچەماڵ “جینۆساید دەکرێن” و سەرچاوى ئاوى خواردنەوە بەهۆى کەسێکەوە ڕێگریی لە پاککردنەوەى دەکرێت و ئەو ئاوەى دەدرێتەوە هاوڵاتییان پیسە و شیاوى خواردنەوە نییە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close