تەندروستیكوردستانهەواڵ

تەندروستی سلێمانی: نزیکەی 100 قوتابی خوێندنگایەك تووشی سکچوون و رشانەوە بوون

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، نزیکەی 100 قوتابی، لە یەک قوتابخانەی شاری سلێمانی بەهۆی سکچوون و رشانەوەوە، سەردانی نەخۆشخانەی منداڵانیان کردووە.

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ی ئەیلوولی 2022) بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، ” لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نزیکەی 100 قوتابی، لە یەك خوێندنگا لە شاری سلێمانی، سەردانی نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانیان کردوە، بەهۆی حاڵەتەکانی سکچوون و رشانەوە”.

تەندروستی سلێمانی دەڵێت، لەلایەن سەباح نەسرەدین بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانیەوە، لیژنەیەکی تایبەت لە (چاودێری تەندروستی، یەکەی ئاو، تەندروستی خوێندنگاکان) راسپێردراوە، تا راستەوخۆ بەدواداچوون بکەن بۆ دۆزینەوەی نموونەی خۆراک و ئاو و ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی.

لەلایەکی دیکەوە، ئامارەکانی سکچوون و رشانەوە لەناو هاووڵاتیانی سنووری راپەڕین هەڵکشاوە و رۆژانە دەیان نەخۆش دەبردرێنە نەخۆشخانە و پێویستیان بە چاودێری پزیشکی دەبێت، ئاماژە بەوەشدراوە، کە لە 24 کاتژمێری رابردوو زیاتر لە 100 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.

تەندروستی راپەڕین چەند رۆژێکە دەستیکردووە بە پشکنینی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و گەڕان بەدوای سەرچاوەی دیکەی توشبوون بە نەخۆشییەکە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close