
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار لەبارەی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران و دەستکردنەوە بە پرۆسەی خوێندن دەدرێت.
لەوبارەیەوە، میدیاکانی نزیک لە پارتی بڵاویانکردووەتەوە، کە سبەینێ چوارشەممە، ١٣ی ١ی ٢٠٢١، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە و تیایدا، بڕیار لەسەر دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات و رۆژی دابەشکردنەکە و رێژەی لێبڕین و هەندێک رێکاری دیکە بە فەرمی دەستنیشان دەکرێت.
هاوکات، هەر لە سبەینێدا، ئەنجومەنی وەزیران لەسەر بنچینەی راپۆرتی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە و لیژنە تایبەتمەندەکان، بڕیار لەسەر دەستکردنەوە بە پرۆسەی خوێندن یان درێژکردنەوەی راگیرانەکەی دەدرێت.
دوێنێ، رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان و راژەی گشتی رایگەیاند، لە ١٥ی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا، حکومەتی هەرێم تەنیا هەشت موچەی دابەشکردووە کە سیانیان بۆ ساڵی ٢٠١٩ دەگەڕێنەوە و لەو پێنج موچەیەی دەمێننەوەوە، تەنیا دانەیەکیان بەبێ لێبڕین دابەشکراوە.