ئابووریكوردستانهەواڵ

وەزارەتی دارایی چەند بڕیارێكی نوێی لەبارەی باج دەركرد

حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە باجی 20%ی داهاتی فرۆشی كۆمپانیاكانی پەیوەندی و ئینتەرنێت وەربگرێتەوە باج لەسەر ئۆتۆمبێلی گرانبەها دادەنرێت.

كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتی باجەكان و خانوبەرەی میری  لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی بە خەڵكی كوردستانی داوە كە چاكسازی بكات چەند بڕیارێكی زۆر گرنگی لەبارەی داهاتەكانی باج دەركردووە. ناوبراو روونیكردەوە یەكێك لە بڕیارە باشەكان سەپاندنی باجە لەسەر كۆمپانیاكانی گەیاندن وەك كۆمپانیاكانی كۆڕەك و ئاسیا و زین، رەوا نیە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان 20%ی فرۆش باج دەدەن، بەڵام داهاتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراقی، بۆیە بڕیاردرا ئەو باجە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە داهاتەكەی ملیاران دینارە. 
بەڕێوەبەرە گشتیەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی روونكردەوە باج لەسەر كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت سەپێندراوە، دەبێت ئەو داهاتە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە ئەویش پێشتر لە عێراق جێبەجێ دەكرا. 
كەمال تەیب راشیگەیاند: وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكانی نەوت خواستێكی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، بۆ لەمەودوا كۆمپانیاكانی نەوت و سكوریتی و خزمەتگوزاری نەوت و ژمێریاری و وردبینی، باجدانیان لەسەر دەسەپێندرێت، لە رابردوودا ئەگەر باجیشیان لەسەر بووبێت كۆمپانیاكانی نەوت هەوڵیانداوە خۆی لێبدزنەوە. 
ئەو وتیشی: بەگوێرەی بڕیارەكانی حكومەت پێویستە كرێكارانی بیانی باج بدەنە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا پێشتر باجیان نەدەدا لەبەر ئەوەی دەیانوت لە وڵاتی خۆیان باجیان لێدەسێندرێت. 
بەڕێوەبەرە گشتیەكە ئاماژەی بەوەكرد هیچ كەسێك پارێزبەندی نیە و پێویستە باج بدەن، وتیشی: لەمەودوا ئەو ئۆتۆمبێلە گرانبەهایانەی دێنە هەرێمی كوردستانەوە باجیان لەسەر دادەنرێت، بۆ ئەوەش رێنمایی تایبەت لە نێوان وەزارەتی دارایی و ناوخۆ بڵاودەكرێتەوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی خەڵكی هەژارە. 

بابەتی دیكە

Close