كوردستانهەواڵ

وادەی داشکاندنی 15٪ی پارەی ئاو و کارەبا درێژکرایەوە

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا داشکاندن بە ڕێژەی %15 بۆ قەرزی کرێی کارەبا و ئاو بکات و هەماهەنگییەکانیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بواری بەرگریی وڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و بودجە و چاودێریی داراییدا برەو پێ بدات.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران، لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا دوا هەنگاوەکانی هەماهەنگیی و هاریکاری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە و پلانی هاوبەشی ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش تاتوتوێ کران.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە سەر بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی وتۆکمەکردنی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامی ڕێکخستنەوەی گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە پەسەندکردنی بڕیارەکانی دوا کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا بو، دواتر  بە راپۆرتێک دەرئەنجامی کاری تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ وحکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ وهەرێم بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراقی فیدرال بۆ ساڵی (2021) خرایەڕو.

بڕگەی دووەمی پێشنیاری وەزارەتی کارەبا پەسەندکرا سەبارەت بە درێژکردنەوەی وادەی داشکاندنی %15ی کرێی کارەبا تا کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەند کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی %15 بۆ هاوبەشانی خزمەتگوزاریی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوو بدەن و ئەم بڕیارەش تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ کاری پێ دەکرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close