ئابووریعێراقهەواڵ

خەزعەلی داوا دەکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە کارت

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە کارتی بانکی و راستەوخۆ دابەش بکرێت، تاوەکو بەوجۆرە مافی فەرمانبەری کورد پارێزراو بێت و نەبێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان.

فەرمانبەرانی عێراق لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی ناسراو بە ئای کیو مووچەکانیان وەردەگرن، خەز عەلی بە ئاماژەدان بەو سیستەمە، داوا دەکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بەهەمانشێوە دابەش بکرێت.

لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی فەرمیی عێراقییە، قەیس خەز عەلی، باسی لە چەند پرسێکی هەنووکەیی لە عێراق و ناوچەکە کرد، لەوانە، مووچە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکە، بە ئامانجکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە سنووری هەرێمی کوردستان.

سوودی دابەشکردنی مووچە بەو سیستەمە بە گوتەی خەزعەلی یارمەتییان دەدات ژمارەی مووچەخۆرە بندیوارەکان بزانن و مووچەخۆری راستەقینە دووربخەنەوە لە ململانێ سیاسییەکان.

لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، خەزعەلی ئاماژەی بەوە کرد، “باوەڕم وایە هەڕەشەی سەربازیی تورکیا گەورەتر، مەترسیدارتر و بەهێزترە لە هەڕەشەی سەربازیی ئەمریکا” بۆ سەر عێراق. گوتیشی، وا بڕوات تورکیا ماوەیەکی دیکە “داوای دەستبەسەرداگرتنی باکووری عێراق و موسڵیش دەکات”.

ئەمریکا نزیکەی سێ هەزار سەربازی لە عێراق هەیە و بەپێی دوایین بڕیاری پێنتاگۆن، 500 سەربازیان کەمدەکرێنەوە.

سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئەو هێزانە، خەزعەلی ئاماژە بەوە دەکات، دەستووری عێراق رێگەنادات بە بوونی بنکەی سەربازیی هێزێکی بیانی لەنێو عێراق، بەڵام ئەگەر ژمارەیەک سەرباز بۆ راهێنان لە وڵاتەکەدا بن، ئەوە نابێتە “داگیرکاری”.

بابەتی دیكە

Close