نوسەران

ئەوەی بوویە ھۆی ئاستبەرزی خوێندن لە یابان

     عوسمان حمەکریم زەڵمی

     لەم ڕۆژگارەدا، کەمنین ئەو وڵاتانەی شێوازی وانەوتنەوەی (یابانی) پەیڕەو دەکەن لە خوێندنگاکانیان دا، چونکە ئەوان بە ئاستێکی زۆر بەرزو بەرھەمداری جیاواز گەیشتوون . جا ئەوانەی بە شارەزایی و پسپۆڕی شایستەوە، بەدواداچونیان کردووە بۆ ھۆکاری گەیشتن بەو ئاستە بەرزەی خوێندن لە وڵاتی یابان،  لە (٧) نھێنی دا دایان ڕشتووە بەم شێوەیە:

  ١ـ خوێندن لە یابان ناچارییەو وەک ھەروڵاتێکی دونیا بۆ چوار قۆناخی بنچینەیی دابەشکراوە. بەڵام جیاوازیەکە لێرەدا ئەوەیە کە منداڵی یابانی زمانی یابانی فێردەکرێت لەپاڵ ھونەرو مۆزیکی ڕەسەن و ماتماتیک و زانستی کۆمەڵایەتی، ھەروەھا گرنگتر لەمانە کە فێردەکرێت، پەروەردەکردنیەتی لەسەر (ئەخلاقی ڕەسەن) و، پابەندکردنیەتی پێوەی.

 ٢ـ بایەخدان بە گیانی کاری تیمی (العمل الجماعی).

    لە قوتابخانەو خوێندنگەی یابانی دا، ئاساییە گەر کرێکارو فەرمانبەری پاکەوانیت دەست نەکەوێت، چونکە بەرنامە و پڕۆگرامی خوێندن و قوتابخانە، گرنگی تەواو دەدەن بە (فێربوون و پەروەردەبوون و بارھێنانی) منداڵانی قوتابی، لەسەر بنەمای خاوێنی کەسێتی . وە چۆنیەتــی پارێزڕاگرتنی ئەو ژینگەی تیایدا دەژین، بگرە قوتابخانە منداڵان وا ڕادەھێنن کەوا خاوێنکردنەوەی پۆل و قوتابخانە ، ڕێ و گوزەرێکە بۆ ڕاھاتن لەسەر بەرپرسیارێتی گەورەتر. ئاوا لەو سەرەتایەوە ڕایاندەھێنن لەسەر کاری تیمی و پێکەوە ئیشکردن.

  ٣ـ ڕەوشت پێش زانستە.

   چڕکردنەوەی قوتابخانەو خوێندنگەی یابانی، لەسەر بونیاتنانی کەسێتی منداڵ، ھەر لە سەرتاو ساواییەوەیە، لەڕێی پارێزکاری لە (سیحەت و تەندروست)یە، بە ئاشناکردنی بە ڕێگاکانی خۆراکی تەندروست. پاشان بەھێزکردنی کەسێتی خۆی بە ڕێزگرتنی تەمەن و ئەزموونی گەورەکان و، بەھرەی کارامەو لێھاتووەکان . لەلای ئەوان، ڕێزگرتنی قوتابی لە مامۆستاکەی ، دەگاتە ئاستی پەرستش . ئاوا پەروەردە و ڕەوشت ، پێکەوە یەکێکن لە بنەما نەگۆڕەکانی خوێندن و فێربوونی یابانی، بە ناچاری دەخوێنرێن و لەسەریان باردەھێنرێن.

   ٤ـ ساڵی خوێندن بەبێ پشووە.

     خوێندن لە یاباندا بەزۆری ماوەکەی درێژترە لە جیھان دا، وە پشووی قوتابخانە لە شەش ھەفتە تێناپەڕێت، کەوایە فێربوون و خوێندن لە یاباندا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام قوتابخانە ھەموو ڕێگاێکی  خۆشی و ڕابواردن و، پەروەردە و، فێرکردنی گرتووەتەبەر بۆ گشت قوتابیان، بـەو ھۆیەوە قوتابی زۆربەی کاتی لە (پۆل و قوتابخانە) بەسەری دەبات. 

   ٥ـ یەکەمجار کارو کۆشش.

    ھەرچەندە لە وڵاتی یابان خوێندن ھەندێ شتی قورس و گرانە، تا ئاستێکی بڵند، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی تەواو دەدەن بە ھەوڵ و ھیمەت و کۆششی قوتابی، نەک بە زیرەکی و زرنگیەکەی. لەم ڕوانگەوە قوتابخانەو خوێندنگە ، قوتابی خاوەن ھیمەت و ھەوڵدەرو کۆششکار دەخەمڵێنن و بایەخی زیاتر پێدەدەن لە بری قوتابی زیرەکی بێھەوڵ و ڕەنجنەدەر. لەوێ منداڵی یابانی پەروەردە دەبێت و باردەھێنرێت لەســەر بایـەخ و بەھـاو گرنگی کارکردن و تێکۆشان و ڕەنجدان، بە (مایەو بەھا)ی ئەوەی تاکە ھۆکارێکە بۆ دەستخستنی پلەو پایەیەکی پاک و چاک و دیارو بەرھەمداری ستایشکراوی ڕێزلێنراو.

   ٦ـ پێکەوە دەچینە پێش و سەردەکەوین یان بەیەکەوە دەرناچین و کەناردەکەوین.

    بەرنامەو نیزامی خوێندن لە یابان، باوەڕیان نییە بە کاری جیاکردنەوە و تایبەت، یاخود وانەی تایبەتی و جیایی، وەیان تاقم و دەستەی بەھێزکردن، بەڵکو یا ھەموان پێکەوە لە (پۆلی خوێندن)دا سەرکەوتوو دەبین و پێشدەکەوین، وەیان بەیەکەوە دەرناچین و پاش دەکەوین. قوتباخانەکانی یابان ھەمیشە بە دروشمی (گیانی پێکەوەیی و بەیەکۆبوون) ناسراون و دەردەکەون لە گشت بوارێکدا، بگرە زانین و  فێربوون، سەرکەوتن و پێشکەوتن، کەوتن و پاشکەوتن، ئەمانە گشتی پاڵنەرن بۆ قوتابی بۆ سەرکەوتن و بەرەوپێش چوون، بەڵکو کێبڕکێ و پێشبڕکێی نێوانی ھاوڕێکان ڕاست و پاک و بەرھەمدار و مەردانەیە.

   ٧ـ دڵبەندی بە قوتابخانەوە.

    قوتابخانەکانی یابان پشت دەبەستن بە چاندن و بڵاوکردنەوە و پاراستنی (گیانی دڵبەستن و دڵبەندی) بە قوتابخاوە، لەلایەن قوتابیان و مامۆستیان و، تەواوی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەوە . بۆیە دەبینی خوێنکار لە چوون بۆ قوتابخانە لە وادەی خۆی دواناکەوێت ، نەک نەچوون و غائب بوون . تەنانەت خودی مامۆستاش ھەست بە ماندوبوون و بێزاری ناکات لە پابەندبوونی بە وادەو ماوەی بەشە وانەکانیەوە. بەڵکو لەبەر گەرموگوڕی و دڵگەرمی قوتابیەکانی؛ کات و دەرفەت بۆ ئامادەکردن و وتنەوەی وانەکەی؛ زایە ناکات،  ئا ئەمە گشتی لە (دڵبەندی بە قوتابخان)ـەوە سەرچاوە دەگرێت. 

   سەرئەنجام قوتابخانەکانی یابان بایەخی تەواو دەدەن بە لێھاتن و ھەوڵ و ھیمەت و ڕەنجدانی قوتابی، جا بۆ کرانەوەی ئاسۆی ھزری قوتابی، کات و ماوەی زیاتر دەدەن بە وانەی ماتماتیک و ژمێرەزانی، لەم بارەوە ھەفتانە (١٠) کاتژمێر تەرخان دەکەن بۆ ئەم بەشە، چونکە لە (تێکڕا)دا ئاستی زرنگی قوتابی گەشە دەکات و پێشدەکەوێت.

     بە ھیوای بەھەندگرتنی ئەم ئەزموونە ناوازەو بەرھەمدارە، لەلای دەستڕۆشتوانی زێدەکەم (کوردستانی شیرین).

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close